ئا: سيروان ئه‌نوه‌ر
سنوري پهلامارهكاني ئهنفالي هه‌شت (ئهنفالي بادينان)، بريتي بوو له شاري دهۆك، زاخۆ، باتوفه، كاني ماسي، زێوه، ديره‌لوك، ئهتروشو زاويته. كه له‌م قۆڵانه‌وه پهلامارهكاني ئهنفالي هه‌شتي ئه‌نجامدا:
-له‌زاخۆوه به‌ره‌و گلناسكێو چياي بێخێر.
-له‌زاخۆوه به‌ره‌و حهوزي خاپور .
-لهكاني ماسييهوه به‌ره‌و زيوه، شكاڤ ئامێديو رهشاوه.
-لهشكۆفهوه به‌ره‌و يهكماڵه بامهرني چياي مه‌تين .
-لهباڵيندهوه به‌ره‌و شه‌مدينان، بيبوو و ئارتيش.
-له‌شێروان مه‌زنه‌وه به‌ره‌و حهوزي بارزان .
-لهباتوفهوه به‌ره‌و مانگێشو زاويته.
- لهدينارتێوه به‌ره‌و بله‌و بارزان.
-لهسهرسهنگهوه به‌ره‌و مهرگهتيو چياي گارا.
-لهئهتروشهوه به‌ره‌و سێده‌ره.
-لهسوارهتوكهوه به‌ره‌و ئهسپێندارو ئاتوش.
سه‌ره‌ڕاي ئه‌وه‌ي ناوچه‌ي بادينان پڕيهتي لهسهخترين چياكاني كوردستان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حكومه‌تي عێراقي تواني به‌ئاساني ئه‌و ناوچانه ئه‌نفال بكاتوخهڵكهكهي ده‌ستگير بكات. له‌م ناوچانه پێشمهرگهكاني پارتي ديموكراتي كوردستان رێگايان له‌و خه‌ڵكه گرت كه به‌نياز بوون پێش ئه‌نفال به‌ره‌و شار‌و شارۆچكه‌كان بڕۆن. هه‌روه‌ها پێشمهرگهكاني ئه‌و ناوچانه به‌ڵێنيان پێدابوون كه به‌رگري دهكهنو ژيانيان ده‌پارێزن.
له به‌ره‌به‌ياني رۆژي 28/8/1988 بهپاڵپشتي ده‌يان هه‌زار جاش‌و له‌چه‌ندين قۆڵه‌وه، په‌لاماري گوند‌و چياو دهشتو دۆڵهكاني ناوچه‌ي بادينانياندا، كه له‌م هێرشه‌دا هێزي حكومه‌تي به‌عس بريتي بوو له 38 ليواي پيادهو دوو ليواي زريپۆشو سێ كهتيبهي تۆپ‌و سه‌دو حه‌فتاو يه‌ك 171 فهوجي جاش كه سه‌ر بهفهرماندهي جهحافلي ديفاعي وهتهني پێنج بوون.
حكومه‌تي عێراقي لهئهنفالي هه‌شتدا، كيميابارانێكي خه‌ستي گوندهكاني ناوچه‌ي بێگۆڤهو گوندهكاني كاني ماسيو بالوكه‌و باوه‌ركه گڤريو مێرگێتيو گيزێ گێلناسكێ بيرجيني بيليجانهو تێلاكرۆ روسێو زێوێ ده‌ستي پێكرد. ئه‌م په‌لاماره كيمياوييه، هێنده به‌ربڵاوبوو كه ته‌واوي ناوچه‌كاني باديناني گرته‌وه. ئه‌مه‌ش ترس‌و خورپهيهكي زۆري خسته دڵي گوندنشينهكاني بادينانهوهو خهڵكێكي زۆري لێكوشتن. لێره‌دا پێويسته ئه‌وه بڵێين كه كيمياباراني ناوچه‌كاني بادينان، به‌سه بۆئه‌وه‌ي حكومه‌تي به‌عس به‌درۆبخرێته‌وه كه گوايه كيميايي له‌سه‌ر سنورهكاني ئێران به‌كارهێناوه به‌مه‌به‌ستي به‌رگريكردن له سوپاي ئێران، ئه‌و ناوچانهي كيمياباران كران، به‌هيچ شێوه‌يه‌ك سنوريان بهسنوري ئێرانه‌وه نه‌بوو.
ژنێكي گوندي بابهخكي ده‌ڵێت «ئێمه دهمانزاني كهگوندهكهمان بۆردومان ده‌كرێت، بۆيه پێش ئه‌وه‌ي حكومه‌ت هێرش بهريته سه‌ر گونده‌كه‌مان، خۆمان كۆكرده‌وه‌و له‌ترسا دێكه‌مان چۆڵكرد تا گه‌يشتينه گوندي باجلێ، كه چووين ته‌ياره قهسفي گوندهكهي كردبوو بهگازي كيميايي، 13پێشمه‌رگه بهگازي كيميايي شه‌هيد بووبوون. ئێمه كه زانيمان بهگازي كيميايي بۆردومان كراوه، يهكسهر په‌ڕۆمان تهڕكردو خستمانه سه‌رمان. له گونده‌كه ماينهوهو نه‌مانئه‌وێرا بڕۆين، چونكه ئاو نه‌بوو له رێگا پهڕۆكاني پێتهڕبكهين».
ژنێكي دي گوندي وه‌رمێ ده‌ڵێت «له‌به‌ر ده‌رگا دانيشتبووم خه‌ريكي كوڵاندني شيربووم، هێشتا سه‌حه‌ر بوو كه چوار تهيارهي حكومه‌ت به‌سه‌ر ئاسماني وه‌رمێ دهسوڕايهوه. تهيارهيهكيان قومبهلهيهكي نا به‌ناو دێيهكهمانهوه، كاتێك قومبهلهكه ته‌قي كه ره‌نگي زه‌رد بوو، ئه‌وه‌نده‌ي نه‌برد بۆنهكهي بڵاوبوه‌وه. بۆنێكي ناخۆش بوو، بۆني غازي چێشتلێناني لێده‌هات. من رامكرده ژوره‌وه‌و به‌په‌له منداڵه‌كانم خه‌به‌ر كرده‌وه، كه هێشتا خه‌وتبوون. ئه‌وكات من پێنج كچ‌و پێنج كوڕم هه‌بوو، هه‌رهه‌موومان به‌په‌له رامانكرد به‌ره‌و چياي وه‌رمێ. ئه‌وه‌نده‌ي نه‌برد پێستمانو به‌تايبه‌تي چاومان، ده‌ستي كرد بهبرژانهوه لهكاريگهري كيمياييهكه چاومان سوربوو، لوتيشمان ئاوي پيادههاته خواره‌وه، له‌كاتي راكردنمان به‌ره‌و چياي وه‌رمێ، بهچاوي خۆم بينيم كه كيمياييهكه ئاژهڵو حهيوانهكاني كوشتبوو. پاش كه‌مێك منداڵێكم بيني، ته‌ماشام كرد شڤاني گوندهكهي خۆمان بوو مردبوو. ئه‌و ره‌نگي تێكچووبوو شين هه‌ڵگه‌رابوو. نازانم چ رۆژێك بوو، به‌ڵام ده‌ڵێن لهمانگي 8/1988 بووه.
هێزه‌كاني حكومه‌ت زۆر بهزوويي پيشڕهوييان كرد‌و له‌ماوه‌يه‌كي زۆر كورتدا، توانييان هه‌موو گوندهكاني ناوچه‌كه داگيربكه‌ن. لهڕاپۆرتێكي فهيلهقي پێنج، ده‌رباره‌ي دوا ئه‌نفال (ئهنفالي هه‌شت) هاتووه كه له رۆژي 30/8/1988 هێزه‌كاني سوپاي عێراقيو جاشه‌كان توانيويانه ته‌واوي بارهگاكاني هێزي پێشمه‌رگه‌و هه‌موو سه‌نگه‌ره‌كانيان داگيربكهنو هێزي راوورووتو وێرانكارييهكان كه‌وتنه تاڵانكردن‌و وێرانكردنيان، به‌ڵام هێزه‌كاني عێراق تارۆژي 3/9/1988 له سوتان‌و وێرانكردني گونده‌كان نه‌بوونه‌وه. چه‌ند شه‌ڕێك له‌نێوان حكومه‌تي عێراق‌و پێشمه‌رگه روياندا.
هه‌زاران كه‌س له گوندنشينهكاني بادينان، لهئهنفالي هه‌شتدا كه‌وتنه ده‌ستي هێزه‌كاني حكومه‌تي عێراقيو زۆربه‌ي ئه‌و گيراوانه دواتر بێسهروشوين كران.
خه‌ڵكي بادينان له‌م شاڵاوه‌دا بوون به‌سێ به‌شه‌وه، هه‌ندێكيان هه‌ر له‌نزيك دێيهكهي خۆيان ده‌ستبه‌سه‌ر كران، هه‌ندێكي ديان لهئهشكهوتو دۆڵه‌كاندا دهستگيركرانو ئه‌وانه‌ي ديان له‌ڕێگه‌ي توركياو ئێران ده‌ستگيركران.
ژنێكي خه‌ڵكي گوندي كاني مازي ده‌ڵێت «بهيانييهكي زووي مانگي 8/1988 جهيشو جاش بهقواتێكي زۆر هێرشيان كرده سه‌ر گونده‌كه‌مان، بههاوكاري جاشهكاني محه‌مه‌د ئاغا، هه‌رچۆنێك بوو توانيمان سه‌ڵته خێزاني ده‌رچين به‌ره‌و ئێران. له‌ڕێگه هه‌ر چوارده‌ورمان لێگيراو هيچ مهجالێكمان نه‌ما، هه‌رچه‌نده پياوهكانمان چه‌كيان پێ‌بوو، به‌ڵام نهيانوێرا تهقهبكهن، له‌به‌ر ژن‌و منداڵه‌كان.
له درێژه‌ي قسه‌كانيدا وتي «جهيشهكه لێمان نزيك بوونه‌وه‌و پياوه‌كانيان چهككردينو ههرچيهكمان هه‌بوو له ئاڵتون‌و پاره، هه‌موويان برد. ته‌نانه‌ت گوارهي گوێي منداڵهكانيشيان لێكرده‌وه».
هه‌روه‌ها ژنێكي گوندي سپيندار وتي «ئێمه پێش ئه‌وه‌ي گونده‌كه‌مان ئه‌نفال بكرێت، هه‌واڵمان زاني، هه‌رچۆنێك بوو سهڵتهخێزاني رامان كرد، هه‌رچي ماڵ‌و موڵكمان هه‌بوو له‌تاو گياني خۆمان به‌جێمان هێشت، سه‌ري خۆمان هه‌ڵگرت به‌ره‌و توركيا، له‌ڕێگا ئه‌وه‌نده خه‌ڵك رايكردبوو، ده‌تووت رۆژي حه‌شره. بڕوا بكه منداڵ له‌برسا دهمردو پياوه پيرو په‌ككه‌وته‌كان دهكهوتنو به‌جێمان ده‌هێشتن، ئێمه وتمان هه‌رچۆنێك بێت بگه‌ينه وڵاتي توركياو دهربازبين له‌ده‌ستي رژێمي به‌عس، به‌ڵام به‌داخه‌وه حكومه‌تي دڕندهي به‌عس پێشي لێگرتينو ئه‌و رێگهيهشي لێقه‌ده‌غه كردين».
ئه‌و درێژه‌ي بهقسهكانيداو وتي «هه‌رچه‌نده ژماره‌يه‌كي زۆر توانييان بچنه توركياو رزگاريان بێت، به‌ڵام ئێمه‌يان سه‌ر لهئێوارهيهكي دره‌نگ گرت‌و سواري زيليان كردينو به‌ره‌و ئامێدي برديانين».
ئه‌م خه‌ڵكانه زۆربه‌يان خه‌ڵكي گوندهكاني بادينان بوون‌و ژماره‌يان له‌نێوان 65000بۆ 80000 كه‌س ده‌بوو. به‌شێك له‌وانه په‌يتا په‌يتا خۆيان گهيانده وڵاتي ئێران، به‌شي سێيه‌مي خه‌ڵكه‌كه له‌سه‌ر چيا به‌رزه‌كان‌و دۆڵ‌و ئه‌شكه‌وته‌كاندا خۆيان شارده‌وه تا لێبوردنه گشتيهكه مانه‌وه‌و پاشان خۆيان ته‌سليم كردوو سوديان له‌و لێبووردنه بيني.
به‌شي يه‌كه‌مي خه‌ڵكه‌كه، كه لهدێو نزيك دێكهي خۆيان گيرابوون، به هه‌مان رێوشوێني گيراوهكاني تري ناوچه‌ي سۆران رۆيشتن. دياره كه هه‌مان تهوجيهات له‌لايه‌ن بيرۆكهي رێكخستني باكوري حيزبي بهعسو عه‌لي حه‌سه‌ن مهجيدهوه بۆ لێپرسراوه حكومييهكاني پارێزگاي دهۆكو موسڵيش چووبوو.
ئه‌وانه‌ي لهئهنفالي هه‌شتدا گيران، نێردرانه دائيرهي ئه‌مني شارهكاني سه‌رسه‌نگ، زاخۆ، هێزاوه، بێرسڤي. دياره دائيرهي ئه‌من لێكۆڵينه‌وه‌ي له‌گه‌ڵ هه‌موويان كرد‌و دواي ناونووسكردنيان، ره‌وانه‌ي سهربازگهي نزاركێي نزيك شاري دهۆكيان كردن.
سهربازگهي نزاركێ له‌ناوچه‌ي بادينان، وه‌ك سهربازگهي تۆپزاواي نزيك شاري كه‌ركوك وابوو، واته ئه‌وێ سه‌نته‌ري كۆكردنهوهي گيراوهكاني هه‌موو قۆڵهكاني ئهنفالي هه‌شت بوو. لهسهربازگهي نزاركي هه‌موو گيراوه‌كان جارێكي دي لێكۆڵينه‌وه‌يان له‌گه‌ڵ دهكراو پاشان ژن‌و منداڵيان له‌پياوان جيادهكردهوهو هه‌رله‌وێدا زۆربهياني به به‌رچاوي خێزانهكانيانهوه ئازار‌و ئه‌شكه‌نجه دهدانو ده‌يان كوشتن. پياوهكانو ئه‌و منداڵانهشي ده‌گرته‌وه كه له‌خوار ته‌مه‌ني 15 ساڵيدا بوون. ژن‌و منداڵه‌كانيان لهقاتي سه‌ره‌وه‌ي قه‌ڵاكه به‌ند دهكردو پياوهكانيشيان لهقاتي خواره‌وه. دياره حكومه‌تي به‌عس ئه‌وه‌نده پهلهي بوو له قڕكردني پياوهكان، بۆيه بيري له‌وه كردبوه‌وه كه پياوهكان لهقاتي خوارهوهبنو به‌ئاساني بهماوهيهكي كه‌م بتوانێت پلانهكهي جێبه‌جێ بكات.
ژنێكي گوندي پاسێ ده‌ڵێ «له رۆژي 25/8/1988 كه حكومه‌ت ده‌ستي كرد به روخاني گونده‌كان، ئێمه به‌دوو سێ رۆژ پێش روخاندني گونده‌كه‌مان، خۆمان كۆكرده‌وه‌و رامانكرده ئه‌شكه‌وته‌كانه‌وه. له‌و ماوه‌يه‌دا قه‌سف ده‌ستي پێكرد، ئێمه زۆر ده‌ترساين. ئه‌وه بوو پێشمه‌رگه هه‌واڵي بۆ هێناين كه گونده‌كه‌مان كيميايي به‌سه‌ردا كراوه‌و ماڵه‌كانيان روخاندوين. ئه‌وان وتيان ده‌بێت ئێره‌ش بهجێهێڵين. ئه‌وه‌بوو ئێمه‌ش ورده ورده به‌پێ بهڕێكهوتين تا كه‌وتينه ناو كهمينێكي جاش‌و عهسكهرييهوهو ههموومانيان گرت‌و چه‌كيان له‌سه‌ر راگرتين. ئيتر قيژهي منداڵ‌و هاواري ژن ده‌گه‌يشته كهشكهلاني فه‌له‌ك، رۆژێكي زۆر ترسناك بوو. هه‌ندێكيان بهشهقو قۆناغه تفه‌نگ لێيان دهداين، دواتر ههموومانيان سواري زيلي عهسكهري كرد‌و برديانين بۆ قه‌ڵاي نزاركێ. ئێمه‌يان كرده ناو قاعهيهكهوه پڕ بوو له‌ژن‌و منداڵ، كهخهڵكي گوندهكاني تر بوون. جێگا نه‌بوو رابكشێيت هه‌ر له‌ناو قاعهكهدا پيساييمان ده‌كرد.
له قه‌ڵاي نزاركێ به به‌رچاوي ئێمه‌وه، لهپياوهكانيان دهداين به‌دارو بهكێبڵو بهشهقو بهپێلهقه. جاري واهه‌بوو قژيان دهگرتنو ده‌ياندا بهديوارداو خوێن فيچقهي ده‌كرد.
دياره حكومه‌تي عێراقي له‌م قهڵايهدا دڕندهترين شێوه‌ي ئه‌شكه‌نجه‌داني بهكاردههێناو به‌تايبه‌تي به‌رامبه‌ر بهپياوهكان زۆربهياني هه‌رله‌وێدا ده‌كوشتن، شێوه‌ي كوشتنه‌كان به‌چه‌ند جۆرێك ئه‌نجام ده‌درا، هه‌ر له رهمي كردن‌و كوشتن به‌ئه‌شكه‌نجه‌و سوتاندن تا ده‌گه‌يشته ئه‌وه‌ي به‌بلۆك دهياني كوشتن. ئه‌م شێوه كوشتنانه بۆ سهربازهكاني به‌عس شتێكي تازه نه‌بوو، هه‌ندێكيان واراهێنرابوون كه كهيفو خۆشييان ده‌هات به ئه‌شكه‌نجه‌و كوشتني خه‌ڵكي بێ‌تاوان. ئه‌وان جگه له شه‌ڕي عێراق- ئێران كه قوتابخانهيهكي له‌باربوو بۆ دروستكردني سه‌ربازي دڵڕهقو جه‌لاد، حه‌وت پرۆسه‌ي ئهنفاليش ئهزمونێكي تربوو بۆ ئه‌م سه‌ربازانه. بۆيه پرۆسه‌ي له‌ناوبردن، كارێكي ئاسان بوو بۆيان.
ژنێكي پيري گوندي وه‌رمێ ده‌ڵێ «كاتێك كه گوندهكهمانيان به كيميايي بۆردومان كرد، به‌په‌له‌و له ترسا به‌ره‌و شاخه‌كان رامان كرد، به‌ڵام حكومه‌ت تواني هه‌موومان بگرێت‌و به ئه‌شكه‌نجه‌دان سواري زيليان كردينو به‌ره‌و قه‌ڵاي نزاركێ، له‌وێ ئێمه‌يان كرده قاتي سه‌ره‌وه‌ي قه‌ڵاكه، كه گريانو زريكهي منداڵ ئه‌وه‌نده‌ي تر وهزعهكهي ترسناك كردبوو. پاش كه‌مێك سه‌ربازه‌كان هاتنه ژوره‌وه‌و به‌دارو حهيزهران كه‌وتنه ناومان، ههموومانيان ئه‌شكه‌نجه‌دا. بۆ رۆژي دوايي لێكۆڵينه‌وه‌يان له‌گه‌ڵ پياوهكاندا دهكردو من بهچاوي خۆم بينيم كه لێكۆڵينه‌وه‌يان له‌گه‌ڵ خوشكه‌زاكه‌م ده‌كرد، هه‌تا توانييان به‌دار لێيانداو پاشان كه‌وت بهزهويدا، له‌وكاته‌دا يه‌كێك له سه‌ربازه‌كان بلۆكێكي هێناو كێشاي بهسهريداو سه‌ري ته‌قاند. من له‌ترسدا خه‌ريك بوو له‌هۆش خۆم ده‌چووم، به‌ڵام ئه‌وان بهپانكردنهوهي سه‌ري خوشكه‌زاكه‌م وازيان نه‌هێنا، به‌ڵكو دواي مردنيشي زۆر به‌توڕه‌يي به‌دارو به‌ئاسن دهيانكێشا به جه‌سته مردووهكهيدا.. نازانم بۆ؟».
ئافرهتێكي گوندي گيزي ده‌ڵێت «ئێمه گونده‌كه‌مان دووربوو له جاده‌ي رهئيسيهوه، ده‌بوو به وڵاخ هاتوچۆ بكه‌ين، حكومه‌تي به‌عس به به‌رده‌وامي بۆردوماني دێيهكهماني ده‌كرد تا به‌رواري 8/1988 ئه‌وه‌بوو حكومه‌ت هێرشي كرده سه‌ر گونده‌كه‌مان‌و ئێمه‌ش سهڵتهخێزاني رامان كرد بۆ چياي گارا. ماوه‌ي 11رۆژ له‌و چيايهدا ماينهوه تا خواردنمان به‌ته‌واوه‌تي لێبڕاو ناچار خۆمان ته‌سليمي حكومه‌ت كرد. له‌به‌ر ئه‌وه‌ي ناوچه‌كه سه‌خت بوو، هه‌ر به‌پێ برديانين به‌ره‌و ئامێديو له‌وێوه سواري زيليان كردينو به‌ره‌و قه‌ڵاي نزاركێ برديانين. له‌وێ پياوه‌كانيان جياكردهوهو به به‌رچاومانه‌وه لێيان ده‌دا. ئه‌وه‌ي كه قه‌ت له‌به‌رچاوم ون نابێت، ئه‌وه‌بوو باوكم‌و دوو براكهميان ئه‌شكه‌نجه‌ده‌دا، براكانم موويان لێنه‌هاتبوو به سۆنده‌و به‌كێبڵ لێيان ده‌داو باوكميان له‌به‌رچاوي خۆم ئهشكهنجهداو ريشو سمێڵيان سوتاندو سه‌ريان به قۆناغه تفه‌نگ شكاند، پاشان خۆڵيان ده‌كرد بهسهريداو پێدهكهنينو ده‌يانووت ئه‌وه دهرمانهكهيتي ئه‌گه‌ر به‌دڵتان نييه با مه‌سعود بارزاني ده‌رمانتان بۆ بهێنێت».
هه‌ركه‌سێك له سه‌رده‌مي رژێمي به‌عسدا ده‌بوو به به‌عسي، ئيدي ده‌يزاني ئه‌و توانايهكي رههاي هه‌يه له سێكس كردن‌و كوشتن، بهعسيبوون واته ئازادبوون له‌هه‌ر مامهڵهيهك له‌گه‌ڵ كه‌سي قوربانيدا. كه‌سي به‌عسي به‌تايبه‌تي سه‌ربازو ئهمنو ئيستيخباراتهكان سانسۆري كۆمهڵايهتيو ياساييان له‌سه‌ر نه‌بوو، وه‌ك هاوڵاتياني ديكه لهئهنجامداني كوشتن‌و سێكس كردن. دياره قه‌ڵاي نزاركێ هه‌مان ئه‌و گۆڕهپانهبوو كه بهعسييهكان ده‌ستكراوه بوون له ئه‌نجامداني هه‌ر ره‌فتارێك دهيانكرد. حكومه‌تي عێراقي ئازاديي ته‌واوي دابووه سه‌ربازه‌كان كه به‌هه‌ر شێوه‌يه‌ك خۆيان ده‌يانه‌وێ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ گيراوهكاندا بكه‌ن، ئه‌وان ئازادبوون له‌شێوه‌ي كوشتن، شێوه‌ي ئهشكهنجهدانو شێوه‌ي سێكسكردن، خوێني گيراوه‌كان به‌ته‌واوه‌تي حهڵاڵكرابوو بۆيان. ئه‌مه جگه له‌وه‌ي ئازادبوون له‌وه‌ي به‌چ جۆرێك مامه‌ڵه‌يان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن. دياره هه‌روه‌ك چۆن حكومه‌تي عێراقي له دائيرهكاني ئهمنو ئيستخبارات، پياوهكاني ئازادكردبوو له‌وه‌ي ده‌ستدرێژي سێكسي بكه‌نه سه‌ر بهندييهكان، چ پياو چ ژن، لێرهشداو له‌م قهڵايهشدا سه‌ربازه‌كان ئه‌وپه‌ڕي ئازادييان هه‌بوو له‌وه‌ي به ئاره‌زووي خۆيان ده‌ستدرێژي سێكسي بكه‌نه سه‌ر ئافره‌ته‌كان.
سهربازهكاني قه‌ڵاي نزاركێ، زۆر ئازادانه په‌لاماري ژنه‌كانيان ده‌داو زۆرجار هه‌ر له‌ناو قاعه‌كاندا ئه‌م دهستدرێژييهيان ده‌كرد، يان ده‌يان بردنه خواره‌وه‌ي قه‌ڵاكه‌و له‌وێ كارهكهيان ئه‌نجامده‌دا.
ژنێكي گوندي وارمێلي ده‌ڵێت «پاش ئه‌وه‌ي به به‌رچاومانه‌وه لهمێردو كوڕه‌كانيان دهداين، چه‌ند سه‌ربازێك دههاتنو ده‌كه‌وتنه ناومانه‌وه. سه‌ره‌تا چه‌ند ژنێكي جوانيان برد‌و ماوه‌ي چه‌ند سهعاتێكي پێچوو هێناياننهوه. ژنه‌كان ده‌گريان، چونكه ده‌ستدرێژييان كردبووه سه‌ريان. ئێمه تا سێ رۆژ له‌و حهوشهيهدا ماينهوه، به‌رده‌وام لێيان دهداين. له‌و ماوه‌يه‌دا چه‌ند ژنێك گيانيان له‌ده‌ستداو ته‌رمه‌كانيان بردن‌و نهمانزاني بۆ كوێيان بردن. له‌و سێ رۆژه‌دا سه‌ربازه‌كان كه ده‌هاتن، بهئارهزوي خۆيان ئافره‌ته جوانه‌كانيان ده‌برد، به‌تايبه‌تي ژنێكمان تێدا بوو زۆر جوان بوو، هه‌ر سێ رۆژه‌كه برديانو دواي چه‌ند سه‌عاتێك ده‌يان هێنانه‌وه.
ژنێكي گوندي گيزێ ده‌ڵێت «ئهوكاتهي لهقهڵاي نزاركێ بووين، من تازه ههڵدهچوومو زۆر جوانبووم، سه‌ربازه‌كان زوو زوو ده‌هاتنه ناو قاعهكانهوهو ئه‌و كچهي جوان بوايه، ده‌يان بردن. من‌و خوشكه‌كه‌م زۆر ده‌ترساين ئێمه‌ش به‌رن، خۆمان ده‌كرده ژێر جلهكاني دايكمهوه. زۆرجار هه‌ر به‌به‌رچاومانه‌وه په‌لاماري ئافره‌ته‌كانيان ده‌داو به‌قۆناغه تفه‌نگ و به‌زۆر ده‌يان بردن. قه‌د بيرم ناچێته‌وه په‌لاماري كچێكي جوانيانداو ئه‌ويش دهستێكي به‌ده‌ستي دايكيهوه بوو، دهستهكهي تري به‌ده‌ستي سه‌ربازێكه‌وه بوو، هاواري ده‌كرد دايهگيان فريامكهوه مه‌هێڵه بمبه‌ن. دايكيشي دهگرياو ده‌يگوت كچه‌كه‌م ئاخر چيبكه‌م چيم پێده‌كرێت. دواجار سه‌ربازه‌كه گه‌ڕايه‌وه‌و قۆناغه تفهنگێكي كێشا بهسهري دايكي كچهكهداو پاشان كچهكهي برد‌و ئيتر دواي ئه‌وه نه‌مان بينييه‌وه».
.
زۆر جار ئه‌م تهعهداكردنه به‌شێوه‌يه‌كي زۆر دڕندانه دهكراو به‌چه‌ند كه‌سێكه‌وه په‌لاماري يه‌ك ئافره‌تيان ده‌دا. ئه‌وان وه‌ك ئاهه‌نگێك ته‌ماشاي ئه‌م پرۆسهيهيان ده‌كرد، سه‌ربازه‌كان ئه‌وه‌نده سه‌ربه‌ست بوون لهمامهڵهكردنياندا له‌گه‌ڵ بهندييهكان تا ئه‌و رادهيهي كه گوێيان له‌وه نه‌بوو كه‌سي به‌ندكراو چي لێبه‌سه‌ردێت يان ئه‌و رهفتارهي ده‌يكه‌ن به‌رامبه‌ر بهندييهكان، چ دهرئهنجامێكي لێده‌كه‌وێته‌وه، گرنگ ئه‌وه‌يه سه‌ربازه‌كان، پياوهكاني به‌عس به‌چ جۆرێك ئاسوده ده‌بن. بۆيه سه‌ربازه‌كان زۆر ده‌ستكراوه بوون له سێكسكردن له‌گه‌ڵ قوربانييهكاندا، ئه‌وان هه‌ميشه تهماعيان له‌و ئافره‌تانه بوو كه شويان نه‌كردبوو. وه‌ك باسمان كرد ئه‌نفال بهديوي به‌عسدا، بريتيه له‌ئاهه‌نگ نه‌ك جه‌نگ، ئاهه‌نگي سه‌ركه‌وتني سيسته‌مێكه لهغرورترين رۆژهكاني خۆي. بۆيه سه‌ربازه‌كان ئه‌و كچانهيان ده‌برد كه هێشتا ده‌ستيان بۆ نه‌برابوو، بۆ ئه‌وه‌ي ئاههنگهكهيان يهكسانبێت به ئاهه‌نگي شه‌وي زاوايهتي.
ژنێك ده‌ڵێت «سه‌ربازه‌كان شه‌وانه دره‌نگ ده‌هاتنه ناو قاعه‌كان، ئه‌و كچهي زۆر جوان بوايه، به‌زۆر ده‌ريان ده‌كرده ده‌ره‌وه‌ي قاعهكانو تهعهدايان لێده‌كردن به‌هه‌موو شێوه‌يه‌ك، خۆم بهچاوي خۆم لهپهنجهرهيهكي گه‌وره‌ي قاعه‌كه، كه ئهيڕوانييه پشت قاعهكهي ئێمه، بينيم كه چۆن تهعهدايان له‌و كچانه ده‌كرد. جارێكيان بهچاوي خۆم بينيم، هه‌ر له‌و پهنجهرهيهوه، پێنج عه‌سكه‌ر تهعهدايان به‌زۆر له‌كچێك كرد، به‌زۆر كراسهكهيان لهبهري دڕي. ئه‌ويش هاواري دهكردو دهيقيژاند، هه‌موو له‌شي كه‌وته ده‌ره‌وه، به‌زۆر پاڵيان خست‌و ئيشي خۆيان له‌گه‌ڵ كرد. به‌ڕاستي كه ئه‌وه‌م بيني مردنم بۆ خۆم ئه‌خواست. ته‌نانه‌ت شه‌وێكيان ويستيان من به‌رن، به‌ڵام منداڵه‌كانم له‌ده‌ورم بوون، منداڵه كۆرپهكهشم له‌باوه‌شمدا بوو، ده‌ستيان كرد بهگريانو توند منيان گرتبوو. ئيتر سه‌ربازه‌كان وازيان لێهێنام.
ئه‌و ماوه‌يه‌ي كه له‌وێ بووين، شه‌وانه كچيان له قاعه‌كان ده‌رده‌كرد، به‌تايبه‌تي ئه‌وانه‌ي كه شويان نه‌كردبوو، پاش ماوه‌يه‌ك بهگريانو هاوار هاوار ئهيانهێنانهوه بۆ قاعه‌كان بۆ لاي ئێمه، هه‌موويان ناو لهشو جلهكانيان خوێن بوو».
له‌م قهڵايهدا جگه لهئازارو ئه‌شكه‌نجه‌و ده‌ستدرێژي كردن، برسي كردني زيندانييه‌كان ئامانجێكي تري حكومه‌تي به‌عس بوو، يان گرنگي نه‌دان بهتهندروستيو فهرامۆشكردنيان. ژن‌و منداڵه‌كان ئه‌و ماوه‌يه‌ي له‌م قهڵايهدا بوون، به ناههموارترين رۆژهكانيان ده‌ژمێرن كه فهرامۆشكردنيانو برسي كردنيان گه‌يشته رادهيهك كه منداڵ له‌برسا بمرێت. ئه‌مه جگه له‌وه‌ي شوێن‌و رێگايان زۆر ناهه‌موارو كوشنده‌بوو، به‌شێوه‌يه‌ك سهرئاويان هه‌ر له‌ناو قاعه‌كاندا بوو، كه ئه‌مه قێزه‌ونترين حاڵه‌ت بوو لاي گيراوه‌كان. ئه‌وان ته‌نانه‌ت ناني رهقيشيان ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت بيخۆن.
ژنێكي گوندي وارمێلي ده‌ڵێت «پاش ئه‌وه‌ي به به‌رچاومه‌وه به شه‌ش كه‌س مێردهكهميان ئه‌شكه‌نجه‌دا، له‌هۆش خۆم چووم‌و پاش ئه‌وه برديانينه ناو قاعهكانهوه، كه زۆر پيس بوون. ئێمه‌يان لهقاتي سه‌ره‌وه دانا، سێ رۆژ له‌وێ ماينهوه به‌بێ نان‌و ئاو، خه‌ريك بوو بمرين».
ژنێكي دي ده‌يگوت «پاش ئه‌وه‌ي له گونده‌كه‌وه راگوێزراين بۆ قه‌ڵاي نزاركێ، برديانينه قاعهيهكهوه تا بڵێيت پيسو ناڕه‌حه‌ت بوو، زيندانييه‌كان هه‌ر له‌ناو قاعه‌كاندا پيساييان ده‌كرد. ئه‌مه‌ش بووه هۆي ئه‌وه‌ي به ته‌واوه‌تي ژيانمان لێتێك بچێت. نان خواردنمان تا بڵێيت خراپ بوو، چونكه جگه له‌وه‌ي زۆر خراپ بوو، زۆر زۆر كه‌م بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌كاتي خواردنه‌كه‌دا، لێيان دهداينو خواردنهكهيان ده‌كرده ناو پيساييهكهوهو دهيانگوت با مه‌سعود نانتان بۆ بهێنێت، ئێمه‌ش له‌برسا ناچار بووين له‌ناو پيساييهكه ده‌رمان ده‌هێناو ده‌مانخوارد. ماوه‌ي پانزه رۆژ به‌وشێوه‌يه ماينهوهو به‌وشێوه‌يه ژيانمان برده سه‌ر كه منداڵه‌كان زۆريان نه‌خۆش دهكهوتنو ده‌مردن. من بهچاوي خۆم منداڵم ده‌بيني دهمردنو كه‌س نه‌بوو بيان باته ده‌ره‌وه. دهپاڕاينهوهو ده‌مان گوت بۆگه‌ن كوشتيني دواي چه‌ند رۆژێك ئه‌وسا ده‌هاتن دهيانبرده ده‌ره‌وه».
قه‌ڵاي نزاركێ گۆڕستان بوو بۆ پياوهكانو جه‌هه‌نم بوو بۆ ژنه‌كان. پياوهكان له‌و قهڵايهدا دوا ساتهكاني ژيانيان برده‌سه‌ر، هه‌رچه‌نده هه‌ندێك له پياوهكان به‌ر له‌وه‌ي بگه‌نه قه‌ڵاي نزاركێ رهمي كراون يان كوژراون. پياوه‌كانيان هه‌ر لهوجێگهيهي كه دهستگيردهكران، گولله‌باران ده‌كران يان ده‌گواسترانه‌وه بۆ جێگهيهكي ديو ده‌ستيان دهبهستنو رهميان ده‌كردن. هه‌ندێكيشيان له‌گه‌ڵ ژن‌و منداڵهكانياندا هێنراونه‌ته قه‌ڵاي نزاركێو له‌وێ به‌چه‌ندين شێوه ئه‌شكه‌نجه دراون‌و كوژراون. دياره ئێمه له‌ئه‌نجامي گهڕانو ئه‌و ديمانانهي كردمان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكي ئه‌و ده‌ڤه‌ره، كه‌سيان ئاگايان لهچارهنوسي پياوه‌كانيان نييهو نازانن چارهنوسيان بهچي گه‌يشتووه. هيچ سه‌رچاوه‌يه‌كيش تائێستا باسي لهچۆنيهتي كوشتن‌و گوللهبارانكردني پياوهكاني نه‌كردووه، به‌ڵام پهيمانگاكهي ئێمه، دواي گهڕانو سۆراخكردنێكي زۆر، قوربانييهكي پرۆسه‌ي ئهنفالي باديناني دواند كه له پرۆسه‌ي گولله‌بارانكردن به‌شێوه‌يه‌كي زۆر سه‌ير رزگاري بووه. هه‌رچه‌نده هه‌ندێك لهپياوهكان لهقهڵاي نزاركێ بهبهرچاوي خێزانهكانيانهوه ئه‌شكه‌نجه ده‌داو هه‌ندێكيان به‌م ئهشكهنجهيهش گيانيان له‌ده‌ستده‌دا، به‌ڵام ئه‌مه ناكاته ئه‌وه‌ي ئێمه لهكۆي ئه‌و پرۆسه‌يه تێبگهينو بزانين پياوهكان به‌چ شێوه‌يه‌ك پاكتاوكراون. دياره كوشتني چه‌ند كه‌سێك بهبهرچاوي خێزانهكانيانهوه، مه‌به‌ست لێي ته‌نها تۆقاندني خێزانه‌كانيان بووه‌و بهديوێكي تريشدا، دياري كردني چارهنوسيان بووه بۆ خێزانه‌كانيان. واته له‌و رێگه‌يه‌وه سه‌ربازه‌كان ده‌يان ويست بهماڵو منداڵي ئه‌و گيراوهنه بڵێن كه چارهنوسي باوك‌و براو مێردهكانيان كوشتنه. به‌ڵام مه‌به‌ستي ئێمه لێره‌دا ئه‌وه‌يه بزانين ئه‌و ژماره زۆرهي له‌م ناوچه‌يه له‌ناوچوو، به چ رێگه‌يه‌ك له‌ناويان بردون.
ئه‌و قوربانيهي ديمانهمان له‌گه‌ڵدا كرد، واباسي به‌سه‌رهاتي گوللهبارانهكه ده‌كات:
«كاتێك كه له‌لايه‌ن سهربازهكاني حكومه‌ته‌وه گيراين، سه‌ره‌تا ژن‌و منداڵه‌كانيان جياكردهوهو له‌ناو پياوهكانيشدا 33 كه‌سيان جارێكي تر جياكرده‌وه، كه له‌ناوياندا من‌و باوكم‌و سێ برامي تێدابوو. سه‌ربازه‌كان بهبيانووي شاره‌زايي ناوچه‌كه‌وه ئێمه‌يان جياكرده‌وه. پاشان ژن‌و منداڵه‌كانيان گواسته‌وه. پاشان ريزيانكردينو 18سه‌رباز به‌چه‌كه‌وه وه‌ستان به‌رامبه‌رمان. ملازم محه‌مه‌د ئهمري به سه‌ربازه‌كان كرد‌و وتي رهميان كه‌ن. ده‌ستبه‌جێ سه‌ربازه‌كان كه‌وتنه ته‌قه‌كردن لێمان. كوڕێك له‌پێشمه‌وه بوو، فيشه‌كێك به‌ر دهموچاوي كهوتو كه‌وت به‌سه‌ر منداو منيش خۆم خست بهزهوييهكهدا، به‌ڵام فيشهكم به‌رنه‌كه‌وت، پاش ئه‌وه‌ي مه‌خزه‌نه‌كان به‌تاڵبوون، زابته‌كه وتي مهخزهني تر بكه‌نه سه‌ر چهكهكانتانو جارێكي تر ته‌قه‌يان لێكردينهوه. من فيشه‌كێك به‌ر پشتم كه‌وت، به‌ڵام له‌سنگم ده‌رنه‌چوو، جارێكي تر مهغزهني چه‌كه‌كانيان پڕ كرده‌وه‌و گوللهبارانيان كردينه‌وه. ئه‌وكات گوێم لهدهنگێكي زۆر بوو له‌ناو خه‌ڵكه‌كه ده‌يان ناڵاند، وه‌ك ئه‌وه‌ي خه‌ريك بێت گيانيان دهربچێتو دواههناسهو دوا سكاڵايان بكه‌ن. من نه‌مده‌زاني كێ به‌ركه‌وتووه‌و كێ ماوه. پاشان گوێم له زابتهكهبوو وتي بڕۆن دانه دانه فيشه‌كيان پێوه بنێن بۆئه‌وه‌ي هه‌موويان ته‌واو بن‌و ئێمه‌ش بڕۆين.
سه‌ربازه‌كه هاتو دانه دانه كڵاشينكۆفهكهي له‌سه‌ر دهگرتينو ته‌قه‌ي ده‌كرد، له‌وكاته‌دا گه‌يشته سه‌ر من، من به‌ده‌مدا كه‌وتبووم، دوو فيشهكي ديكه‌ي نا به‌پشتمه‌وه.
پاشان زابته‌كه وتي «ته‌واو»؟.
سه‌ربازه‌كه وتي «به‌ڵێ گه‌وره‌م».
دواي ئه‌وه‌ي سه‌ربازه‌كان رۆيشتن، پاش ماوه‌يه‌ك هه‌ستام گه‌ڕام بزانم باوك‌و براكانم ماون، ئه‌وان هيچيان نه‌مابوون، فيشهكێكي زۆر بهگيانيانهوه بوو. پاشان هاوارم كرد كێ ماوه، هاشم ناوێك وتي من ماوم، به‌ڵام هه‌ردوو قاچم برينداره.
ژنێكي گوندي وارمێلێ ده‌ڵێ «له رۆژێكي هه‌يني 8/1988 پياواني گوند هه‌موو له‌مزگه‌وت بوون، له‌وكاته‌دا تهيارهكاني حكومه‌تي عێراقي هاتنه سه‌ر گونده‌كه‌مان‌و بۆردوماني كردين. خه‌ڵكي گوند به‌ره‌و شاخه‌كه رامان كردوو له‌وێوه ويستمان به‌ره‌و سنوري توركيا بڕۆين، به‌ڵام حكومه‌ت پێشي لێگرتينو نه‌مان تواني رابكهين. ده‌ورمان بهجهيشو جاش گيراو ده‌ستگير كراين، تهفتيش كراينو ههموومانيان كۆكرده‌وه‌و كرديانينه ئيڤايهكهوهو به‌ره‌و ناحييهي مانگێشكه برديانين. له‌وێ له‌ناو حه‌وشه‌ي ئه‌و گونده دايان ناين، ژن‌و منداڵيان به‌جيا دانا‌و پياويشيان به‌جيا دانا. ئه‌و شه‌وه ماينهوه، بۆ بهيانييهكهي پياوه‌كانيان كرده ناو ئيڤاوهو له‌گه‌ڵياندا سنوقي فيشه‌كيان باركرد. جاشه‌كان وتيان به‌و فيشهكانه پياوهكانتان دهكوژينو لهتلهتيان دهكهينو ده‌يان كه‌ينه ئه‌و سندوقانه‌وه. ئيتر له‌وه به‌دواوه پياوهكانمان نهبينييهوه».
Le (Awene) wergirawe